/   ی.ن.ک
وەفدێکی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لەسەرۆكی حزبی تەقەدوم دەکات
2024-03-07
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئادار، وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان، پێشوازیان لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و وەفدێکی یاوەریکرد.
لە دیدارێکدا لەسەر دۆخی گشتی هەرێم و عیراق گفتوگۆکرا و جەخت لەبەردەوامی گفتوگۆی بوونیادنەرانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا .
لەکۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی و هاریکاری و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا دووپاتی لەسەرکرایەوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دەستووریانەو یاساییانەی کێشەکانی نێوان هەردوولا و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا .
هەرلە کۆبوونەوەکەدا بەوردی پرسی ئیدارەدانی كەركووك و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک تاوتوێکراو جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە کرایەوە بەشێوەیەك هەموو هەوڵەكان لەچوارچێوەی خزمەتكردنی كەركووك و هەموو نەتەوەوە پێکهاتەکان بێت بەبێ جیاوازی.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیانکردەوە لە هاوبەشێتی راستەقینەو کاری پێکەوەیی نێوان سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکوک و پاراستنی کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیان بە شێوەیەک لە ئیدارەی نوێ کەرکوک هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکرێت و ئەولەویەتی کارکردنی داهاتووش خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بێت هەروەک داواشکرا لایەنەکان هاوکاربن لە نەهێشتنی بەربەستەکان و زووپێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک .