ئێستا لەسەروبەندی قۆناغێکی نوێی کارو خەباتی سیاسیداین کە سەرەتای دەرکەوتنی سیما و خەسڵەتەکانی بەڕوونی دەبینرێت، قۆناغێک کە لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە گرنگەی پێشکەوتنی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەکنەلۆژیی خەڵکدا بگونجێت، پێچەوانەی سەردەمی رابردوو، کە ویست و بەرژەوەندییەکانی جەماوەر لە دۆڵێکدا بوون و بەرژەوەندیی و تێڕوانینی نوخبەی سیاسی لە دوڵێکی دی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە سیاسییە، خاکیبوون و ئاوێتەبوونی دەستەبژێری سیاسییە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک. ئیدی سەردەمی لوتبەرزیی کاراکتەرە سیاسیی و حکومییەکان و قەتیسدانی خۆیان لە بورجە عاجییەکانیانداو تێکەڵنەبوونیان لەگەڵ خەم و مەینەتییەکانی خەڵک بەسەرچوو، چونکە ئاستی هۆشیاریی و بیرکردنەوەی خەڵک، بەتایبەتی توێژی گەنجان، لەژێر کاریگەریی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆژیای زانیاریی گەیشتووەتە رادەیەک چیتر ئەوەی قبوڵ نییە و دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و زەوتکردنی مافەکان و بەکاڵاکردنی جەماوەر و بەڵێنی بێ بنەماو و گوتاری پۆپۆلیستییانە نەماوە.
لەم نێوەندەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک یەکێک لە رابەرانی ئەم قۆناغە سیاسییە نوێیە، هاتووەتە مەیدان و خودی رەفتارو گوفتارەکانی کە جیاوازییان هەیە لەگەڵ سیاسییە کلاسیکییەکاندا، بەرجەستەبووی ئەدگار و خەسڵەتەکانی قۆناغەکەن.
ئەو، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی یەکێتی و پێشتریش وەک یەکێک لە سەرکردەکانی حزبەکە، خاکی و سادەو تێکەڵ بەخەڵک و ئازارەکانیانە. هیچ سەرکردەیەکی سیاسی کوردو غەیرە کوردیش لەم ناوچەی رۆژهەڵاتەدا نابینرێت هێندەی کاک بافڵ بووبێتە بەشێک لە خەڵک، بەچەشنێک هاتووەتەناو چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە کە زۆربەی ئاخاوتن و ئیدیۆمەکانی بوونەتە ترێند لە سۆشیاڵ میدیا و، کەسێتییەکەشی بەیەک چەشن لەلای منداڵ و هەرزەکارو گەنج و کامڵ و بەساڵاچوو روح سوک و خۆشەویستە، قسەکانی جێی سەرنج و بایەخی هەمووانن، چونکە گوزارشتە لە ئازارو خەمەکانی خەڵک، تەعبیرە لەو پەراوێزخستنەیان کە دەیان ساڵە حوکمڕانانی کورد بەمەبەست یان بەبێ مەبەست پیادەی دەکەن.
گوتارەکانیشی بوونەتە جێی گرنگیپێدانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، چونکە دەرهاویشتەی تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغەن، کورت و پووختن، راستگۆیانەن، دوورن لە درێژدادڕی و پێچ و پەنا و شێوازی دیماگۆگیانە، لە ناخێکی پاکەوە دەردەچن کە بێ پەروا هەڵوەدایە و تەقەلایەتی چارەسەری بەپەلە بۆ دەردەکانیان بدۆزێتەوە هەر ئەوەش نهێنی کاریگەرییەکەی و بایەخپێدانێتی لەلایەن جەماوەرەوە.
پێشبینی دەکرێت، کۆی پرۆسەی سیاسەتکردن لە هەرێم و رەنگە لە عیراقیش لەمەودا مەحکوم بێت بەو بنەمایانەی سەرۆکی یەکێتی و هاوڕێبازەکانی پیادەی دەکەن، ئەوەش تروسکاییەکی لە هیوا لای خەڵک، بەتایبەتی گەنجان، هێناوەتەئاراوە لە پنتێکی بێ هیواکراوی ئەم جیهانەدا.